دوو پاڵەوانی رابردووی چامپیۆنزلیگ بەیەك دەگەن
ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی بە كۆمەڵێك پێكان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

دوو پاڵەوانەکەی دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، بەهۆی ئەنجامە لاوازەکانیان دەبێت لە قۆناغی پلەی ئۆفەوە هەوڵی گەیشتن بە قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکە بدەن، مانچێستەر سیتی و ریاڵ مەدرید لە یاریی چوون و لە یاریگای ئیتیحاد لە شاری مانچێستەر، رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11 شوباتی 2025 لە یاریگەی ئیتیحاد لە شاری مانچێستەر، تیپەكەی كارلۆ ئانچیلۆتی لە كاتژمێر 11:00ـی شەو دەبێتە میوانی تیپەكەی پێپ گواردیۆلا.
رەنگە زۆرێک لە هاندەرانی هەردوو یانە، سەرەتای وەرز شێوازە نوێیەکەی پاڵەوانێتیەکەیان بە دڵ نەبووبێت، بەڵام بەهۆی ئەو شێوازە نوێیەوە ئێستا یانەکەیان دەرفەتێکی دیکەیان بۆ رەخساوە، بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتیەکە بەردەوام بن.
مانچێستەر سیتی ئەم وەرزە لە خولی نێوخۆییش بارودۆخی باش نیە، هەر ئەمەش وایکردووە هاندەرانی ریاڵ مەدرید، ترسێکی زۆریان لەسەر تیپەکەی پێپ گواردیۆلا نەبێت، بێجگە لەوەش ئەو یانەیە بەهۆی پێکانی بەشێک لە یاریزانەکانی، رووبەڕووی بارودۆخێک قورس بووەتەوە.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری ئیسپانی مانچێستەر سیتی دەڵێت هەڵەی خۆیان وایکردووە لە قۆناغی پلەی ئۆف بن، هەروەها دەشڵێ:ت ناتوانن خۆیان بە ریاڵ مەدرید بەراورد بکەن.
لێدوانەكانی گواردیۆلا لەبارەی یارییەكەی ئەمشەوی چ
ئێمە ئاست و ئەنجاممان وەکو پێویست نەبوو و هەڵەی خۆشمان بوو کە ئێستا لێرە لە قۆناغی پلەی ئۆف بین. دوای ئەوەی تیروپشکی ئەم قۆناغەش کرا، زانیمان رووبەڕووی ئالنگارییەکی قورس دەبینەوە. ساڵانی رابردوو رکابەرییەکی گەورەمان لەگەڵ ریاڵ مەدرید هەبووە، بەڵام ئەوەی راستی بێت ناتوانین خۆمان لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەراورد بکەین. ئەگەر بتوانین لە ریاڵ مەدرید ببەینەوە، بۆ بەردەوامی ئەم وەرزە هێزێکی زۆرمان پێدەبەخشێت، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوە بدەین ''.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریاڵ مەدرید:
ئێمە یانەی ریال مەدریدین، گەورەی چامپیۆنزلیگین، رێز لە گەورە و بچووكی یانەكان دەگرین و ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، ئێمە نەماندەویست بەشداری مەراسیمی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر بکەین، چونکە پێمان وابوو ڤینیسیۆس شایەنی بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونییە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە رێز لە رۆدری ناگرین، بۆچوونی ئێمە روونبوو، کە وەرزی رابردوو شایەنی ئەوە بووە خەڵاتەکە بباتەوە نەک ئەم وەرزە.
یاریزانە دابڕاوەكانی ریال و سیتی
مانچێستەر سیتی و ریاڵ مەدرید، بۆ ئەم یارییە کۆمەڵێک لە یاریزانەکانیان بەهۆی پێکان یاری ناکەن، لە ریزەکانی یانە ئینگلیزیەکە هەر یەکە لە ئێدەرسۆن و ناتان ئاکێ و گۆنزالێز و رۆدری و دۆک و هەروەها ئۆسکار بۆب یاری ناکەن.
لە بەرامبەردا لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدریدیش، پێنچ یاریزان بەهۆی پێکان یاری ناکەن و هەر پێنج یاریزانەکەش بەرگریکارن، ئەوانیش بریتین لە دانی کارڤاخال، ئێدەر میلیتاو، ئالابا، رۆدیگەر و لوکاس ڤازکێز.
