تەیف سامی: دەستوور ڕێگا نادات ڕاستەوخۆ مووچە بخەینە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەران

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەندێک وردەکاری نوێی ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوولایەنەی لەبارەی مووچە بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد.
چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، ئەو سەرچاوەیە گوتی: تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە شاندەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، دەستوور ڕێگە بەوە نادات وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ مووچە بخاتە سەر هەژماری بانکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم کردووە، مانگانە لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەی مانگانەدا ژمارە و ناوی ئەو کەسانە بنێرێت کە لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە مووچە وەردەگرن.
ئەو سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، هەردوو شاندەکە وا ڕێککەوتوون تا کۆتایی ئەمساڵ مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بەبانکی بکرێت و لە ڕێگەی بانکەوە مووچەکانیان دابەش بکرێت.
گوتیشی: ڕێکاری دابەشکردنی مووچە ئەو کات بەشێوەیەک دەبێت کە وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم، وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەکە دابەش دەکات.