هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا چەند ڕێککەوتنێک ئیمزا دەکەن

بەرپرسانی حكوومەت و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان – ئیتاڵیا، گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزتركردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە.
چەند ڕۆژێكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەفین دزەیی لە پەرلەمانی ئیتاڵیا، بەشدارییان لە كۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی كوردستان-ئیتاڵیا کردووە، كشتوكاڵ و چەند بابەتێكی دیكە تەوەری سەرەكیی كۆڕبەندەكە بووە.
ئامانجی سەردانی شاندەکە بۆ ئیتاڵیا، بریتی بوو لە ڕۆڵگێرانی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی، وەبەرهێنان لە بوارەکانی دیکە و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان، ناوچەیەکی جیۆپۆلۆتیکی گرنگە لە عێراق و ناوچەکەدا، چونكە خاوەنی حەوت ملیۆن دۆنم زەویی كشتوكاڵی، سێ ملیۆند دۆنم دارستانی سروشتی، شەش ملیۆن دۆنم لەوەڕگا و پێنجی لق ڕووباری دەرەكیی و سەدان سەرچاوەی ئاویی ناوخۆییە، خاوەنی سێ بەنداوی ستراتجییە و لە 30% كۆگاكردنی ئاوی عێراق، خاوەنی 250 بۆ 300 هەزار تۆن بەرهەمی سەوزە و میوەیە، 30 هەزار خانووی پلاستیكیی بۆ سەوزەی داپۆشراو هەیە، جگە لە دوو هەزار پرۆژە كێڵگەی پەلەوەری.
هەرێمی كوردستان لەناوچەكدا بە هەرێمی دابینكردنی سەبەتەی خۆراك هەژمار دەكرێت و خۆی لەگەڵ گۆڕانەكانی كەشوهەوا دەگونجێت.
ئیتاڵیا بە بایەخی زۆرەوە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەت دەكات، جیلبێرتۆ پیکێتۆ فراتین، وەزیری ژینگە و ئاسایشی خۆراكی ئیتالیا بە کوردستان24ـی گوت: ئەم دەستپێشخەرییانە بۆ پێشکەوتنی هەردوولا زۆر گرنگن.
هەروها ڕێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای Visit Kurdistan و کۆمپانیای Lietnerی ئیتالی ئیمزا کرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی 500 هەلی کار لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان – ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە دا: پەیوەندییەکی مێژوویمان لەگەڵ ئیتاڵیا هەیە.
هەورەها ڕایگەیاند: ئیتاڵیا لە شەڕی دژی داعش هاوکاری پێشمەرگەی کرد، سوپاسیان دەکەین پەیوەندییەکانی نێوانمان هەمیشە تۆکمە بووە.
لەبارەی وەبەرهێنانەوە، دزەیی دەڵێت: هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ژینگەیەکی گونجاوی هەیە، هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی وڵاتان دەکەین بێنە هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد "دەمانەوێت هاوکاری و هەماهەنگیییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا زیاتر بکەین." گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت و هاوکارە لە پرۆسەی وەبەرهێناندا، هەروەها هەرێمەکە یارمەتیدەری هەر کۆمپانیایەکی بیانی دەبێت ئەگەر نیازی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت."
لای خۆیەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی سەرچاوەکانی ئاو، لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند "هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگە لە وەبەرهێنان لەبواری کشتوکاڵیدا و سەبەتەی خۆراکە بۆ هەموو عێراق، هەر ئەوەش نا، بەڵکو بەگوێرەی گرنگیی جوگرافییەکەی بووەتە سەرچاوەی دابینکردنی سامانی ئاو بۆ هەموو عێراق."
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتوون لە سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمەکە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری کوردستان – ئیتاڵیا، لە شاری ڕۆمان.