هێمن هەورامی: کۆنگرێسمان سکۆت پێزانینی زۆری بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە هەبوو

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: داوام لە کۆنگرێسمان سکۆت پێری کرد، لە هەماهەنگیی و پشتیوانیی زیاتری ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان هاوکار و پشیوان بێت.
چوارشەمە 12ـی شوباتی 2025، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە واشنتن لەگەڵ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا سکۆت پێری کۆ بووەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەرچوونیان، پوختەیەکمان لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازیی هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق و ناوچەکە بۆ کۆنگرێسمان سکۆت، باس کرد.
هاوکات داوای لە کۆنگرێسمان سکۆت کرد، لە هەماهەنگی و پشتیوانیی زیاتری ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان هاوکار و پشتیوان بێت بە تایبەتی لە کاتی داڕشتنەوەی بودجەی بەرگریی وڵاتەکە و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
هەورامی، گوتیشی: کۆنگرێسمان سکۆت پێری، ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگە هەبوو.