لە یارییەكی مێژووییدا هەولێر و زاخۆ رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە
دهۆك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی قاسم دەبێتەوە

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆی پێشەنگی خولەكە بۆ رووبەڕبوونەوەی هەولێر سەردانی پایتەختی هەرێمی كوردستانی كردووە، یانەی دهۆكیش دەیەوێت ئەمڕۆ لە بەسرە یانەی قاسم تێكبشكێنێت.
لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 19:30 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، هەولێر میوانداریی یانەی زاخۆ دەكات، بڕیاریشە بلیتی چوونەژوورەوەی هاندەران بۆ ئەم یارییە بەخۆڕایی بێت.
یانەی هەولێر بۆ ئەم یارییە تواناكانی مستەفا قابیل و هەڵگورد قەیسی لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی هەردووكیان پەیوەندییان بە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق كردووە، هەروەها سەفین مەنسووریش بەهۆی پێكانەوە بۆ ماوەی مانگێك لە یانەی هەولێر دادەبڕێت. لە لایەكی دیكەیشەوە گومان لە بەشداریكردن هێرشبەری توونسی یوسف بن سۆدە دەكرێت.
لە بەرامبەردا یانەی زاخۆ بە تەواوەتی ئەستێرەكانی ئامادەیە و تەنیا سیپان سەدیق بەهۆی پێكانەوە بۆ ئەم یارییە ئامادە نابێت.
یانەی زاخۆ بە كۆكردنەوەی 38 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە، لە بەرامبەردا هەولێر بە 28 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی دهۆك بە ورەیەكی بەرزەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاسم سەردانی بەسرەی كردووە و یارییەكەش سبەی هەینی لە كاتژمێر 17:00ـی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.
هەڵۆیەكانی بادینان لە دوایین 7 یاریی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق 6 سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و بە كۆكردنەوەی 34 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندییان گرتووە، لە بەرامبەردا یانەی قاسم كە لە یاریی رابردوو لە لایەن زاخۆ نیودەرزەن گۆڵی لێكرا بە 28 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەم دەبینرێت.


