حكوومهتی هەرێم له پارهی ژینگهی ئۆتۆمبێلی كارهبایی خۆش دهبێت
لە 16ـی ئەم مانگەوە حکوومەتی هەڕێمی کوردستان، پارەی یەکەم تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی، وەرناگرێت و لە پارەی ژینگەش خۆش دەبێت، لە هەمان کاتیشدا هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی سەوزی وزەی پاک.
کاروان حیسام، خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێشتر هاووڵاتییانە لە وەرگرتنی پارەی ژینگە نیگەران بوون، خۆشبەختانە ئێتسا ئەم بڕیارە دەرچووە، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە پارەی ژینە دەبەخشرێن.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەم کارەی حکوومەتی هەرێمیش هاندانێکە بۆ هاووڵاتییان کە زیاتر ڕوو لە کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکەن.
ئێستا ئۆتۆمبێلی کارەبایی پارەی پستۆن و ژینگەکەی لێ وەرناگیرێت، تەنیا 10 هەزاری رێگاوبان و 75 هەزاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە دەدات، بە بریاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاو نان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە لە 16ـی ئەم مانگەوەشەوە بڕیارەکە دەچیتە واری جێبەجێکردنەوە.
لای خۆیەوە، دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە، بە کوردستان24ـی گوت: یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بە گشتی زۆربوونی ئۆتۆمبێلە، ئێستا ئۆتۆمبێلی کارەبایی وا خەریکە لە کوردستان بازاڕی گەرم دەبێت، بە تایبەتی دوای بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێم لەبارەی لێ خۆشبوون لە پارەی ژینگە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 11 هەزار ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی تۆمارکراون، لەو ژمارەیە زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئۆتۆمبێلیان لە هەولێرن، نزیکەی 100 شوێنیش لە هەرێمی کوردستان بۆ بارگاویکردنەوەی خێرا لە شوێنە گشتییەکان دانراون.