ئەمەریکا دەیەوێت سزای سێ بانکی دیکەی عێراقی بدات

دۆلار
دۆلار

ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر بانکەکانی عێراقدا تا دێت زیاتر دەبێت، ئەوەش لەچوارچێوەی سیاسەتی نوێی ئەمەریکا بۆ زیاتر کردنی گوشارەکانی سەر ئێران.

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەو سیاسەتە نوێیەی دۆناڵد ترەمپ، سەردەکێشێت بۆ سزادانی چەند بانکێکی عێراقی، لە کاتێکدا کە تەنها لەڕێگەی بانکی ڕافیدەینەوە، مانگانە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەچێتە دەرەوە و زۆری ئەو پارەیەش بۆ ئێران دەچێت.

سزادانی بانکە عێراقییەکان، کارتێکە بەردەوام لە دەستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دایە، لە ساڵی 2023. ئەو وەزارەتە چواردە بانکی لە سەکۆی گۆڕینەوەی دۆلار بێبەشکرد.

ماوەیە بانکی ڕەشید، بانکی ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقی کە سێ لە گەورەترین بانکی عێراقین، دەنگۆی سزادانیان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە هەیە.

ئینتیفاز قەنبەری شرۆڤەکار دەڵێت: لەو بڕوایەدام حکوومەتی ئەمەریکا و کۆنگرێس، لەوانەش کۆنگرێس  مان جۆن وێڵسن و زۆر لە کۆنگرێسمان و سیناتۆرەکان نیگەرانن لەوەی دامەزراوە داراییەکانی عێراق لەلایەن ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکان بەکاردێن، بەدیاریکراوی بانکی ڕافیدەین ئێستا زیاتر لە 100 هەزار هەژماری بانکی وەهمی هەیە کە 600 ملیۆن دۆلار لەنێو هەژمارەکانیاندا هەیە، مانگانە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار لەڕێگەیانەوە دەچێتە دەرەوەی عێراق، ئەمە زۆر مەترسیدارە و حکوومەتی ئەمەریکا ڕێگە بەمە نادات.

ئەمەریکا دەڵێت: بەشێک لە بانکەکانی عێراقی بوونەتە سەرچاوەی شوشتنەوەی پارە و ناردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە تارانن و لەنێو لیستی سزاکانی ئەمەریکادان، ئەمە بووەتە جێی نیگەرانی واشنتن، نیگەرانییەکانیش بە حکوومەتی عێراق گەیەندراوە.

جۆناتان شانزەر، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراسی گوتی: پێم وایە لە چوارچێوەی کەمپەینی زۆرترین گوشار کە دۆناڵد ترەمپ دەستی داوەتێ، سزای زیاتر دەبینین، لەو بڕوایەدام ئەوەی تاوەکوو ئێستا بینیوومانە، لەمەودوا زیاتر بێت نەوەک کەمتر، چاوەڕێی زیاتر بە ئامانجگرتنی دامەزراوە داراییەکانی عێراق دەکەین کە کاری نایاسایی دارایی دەکەن و ئێران بە عێراق دەبەستنەوە، دەڵێت: پێم وایە ئەمە دەستپێشخەرییەکی گەورەی ئەمەریکا دەبێت، بانکی ناوەندی ئەمەریکا کار لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق دەکات و دەستنیشانی ئەو گواستنەوانەی کردووە کە سوود بە ئێران دەگەیەنن، هەردوو بانکەکە لەو بارەیەوە لەگەڵ یەکدی کار دەکەن، پێویستمان بەوە هەیە ئەوە بەردەوام بێت.

عێراق هەموو ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی نەوتەکەی دەستی دەکەوێت، دەچێتە هەژمارێک لە لقی نیویۆرکی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا، داهاتەکەی بە داواکاریی عێراق دەگەڕێندرێتەوە وڵاتەکە، ماوەی چەند ساڵێکە لێکۆڵینەوەی ورد، لەهەر داواکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی هەر بڕە پارەیەک دەکرێت، تەنانەت بەشی زۆری داواکارییەکان ڕەت دەکرێنەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تا ئێستا چەند بانکێکی عێراقی سزا داوە بەهۆی پابەند نەبوونیان بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و گرووپە میلیشیاکان،  ئەو وەزارەتە دەشڵێت: دوو دڵ نابن لە سزادانی بانکی زیاتری عێراقی ئەگەر دەستهەڵنەگرن لە شوشتنەوەی پارە و مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان.