150 یاریزانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەشداریی فیستیڤاڵی سەر بەفر دەکەن

بە بەشداریی دەیان وەرزشوانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی فیستیڤاڵی سەر بەفر لە باڵەکایەتی دەستیپێکردووە و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 فیستیڤاڵی سەر بەفر لە ناوچەی پرژێ بەڕێوەدەچێت کە ناوچەیەکی شاخاوییە و هەموو ساڵێک بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، بە چالاکی جۆراو و جۆر هەوڵ دەدرێت گەشتیارانی بیانی بهێندرێنە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش پرژێ.

حەوتەمین فیستیڤاڵی خلیسکانێی سەر بەفر لە باڵەکایەتی بەڕێوەدەچێت، 150 یاریزانی نیودەوڵەتی و ناوخۆیی بەشداریی تێدا دەکەن، زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە، مەبەست لە فیستیڤاڵەکە، ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانە لەڕێگەی چالاکی جۆراوجۆر و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانە بۆ سێکتەری گەشتیاری زستانە.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران گوتی: گەشتیاری زستانە زۆر جار دووپاتمان لێی کردووەتەوە، فۆرمێکی نوێیە لەنێو دەستەی گەشتوگوزار لەچوارچێوەی چالاکییەکانی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، ئێستا گەشتوگوزار قۆناغێکی باشی بڕیووە لەبەر ئەوەی توانیمان خەڵک لە ماڵەکانیان بێنینە دەر، ئێستا خەڵک دەیەوێت گەشت بکات و بەفر ببینێت و چالاکیی بکات، بەڵام ئەو خەڵکە گەشتیارە پێویستی بە خزمەتگوزارییە، ئەوەی ئێمە تێبینیمان دەکرد ئەو شوێنە گەشتیاریانە خزمەتگوزاریان نەبوو، ئێستا بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سەرنج ڕاکێشە، پرۆژەی گەشتیاریی لێ دروستکرا و خەڵک دەتوانێت لە ناوچەکە بمێنێتەوە، دوو ساڵە کار لە ڕێگاو بانەکانی ناوچەکە دەکەین.

فیستڤاڵی بەفر لە پرژەی باڵەکایەتی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، دوو گرووپی نێودەوڵەوتی خلیسکانی سەر بەفر بۆ ماوەی دوو مانگ لە سنوورەکە دەمێننەوە، تەواوی پێداویستییەکانی یاری خلیسکانیی سەر بەفر و سنۆبۆرد و سنۆکینگیان پێیە، چالاکی خلیسکانیی سەر بەفر و ڕاهێنان بەو گەشتیارانە دەکەن کە خولیای فێربوونی یارییەکانی سەر بەفریان هەیە.