گەورەترین دێربی بەڕێوە دەچێت

خانمەپیرەكە 13 ساڵە لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر ركابەرە دێرینەكەی نەدۆڕاوە

ئەمشەو یاریی دێربی ئیتاڵیا لە نێوان یوڤێنتۆس و میلان بەڕێوە دەچێت
ئەمشەو یاریی دێربی ئیتاڵیا لە نێوان یوڤێنتۆس و میلان بەڕێوە دەچێت

یوڤێنتوس لە پێناو زیاتر نزیککەتنەوە لە پێشەوەی ریزبەندی خولی ئیتاڵیا و ئینتەر میلانیش لە پێناو بەدەستهێنانی پێشەنگایەتی خولەکە، لە یاری لوتکەی ئەم گەڕە و لە ئالیانز ستادیۆمی تایبەت بە خانمە پیرەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە و یارییەكەش لە كاتژمێر: 22:45 خولەكی ئەمشەو دەكرێت.
دێربی ئیتاڵیا لە نێوان یوڤێنتوس و ئینتەر میلان، بە گەورەترین دێربی ئیتاڵیا ناو دەبرێت و هەردوو یانە مێژووییەکی دوور و دێرێژیان بەرامبەر یەکتری هەیە، بۆیە هەستیاریەکی زۆری لەسەر یارییەکە دروستکردووە.
یوڤێنتوسی خاوەن یاریگا، نزیکەی 13 سالە لە یاریگای خۆی، بەرامبەر ئینتەر میلان نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانیان لە یاریگای خۆیان لە دێربی ئیتاڵیا، ساڵی 2012 بوو، ئەو کاتە لە گەڕی یازدەی خولەکە بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ تووشی دۆڕان بوون.
تیاگۆ مۆتا راهێنەری یوڤێنتوس، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەگەر بیانەوێت براوەی یارییەکە بن، دەبێت شایستە بن و دڵنیایشی دایە هاندەرانی یانەکەی، هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوە دەدەن.
تیاگۆ مۆتا گوتیشی: ''ئێمە بۆ ئەوەی براوەی یاری دێربی بین، دەبێت شایستە بین، بۆ ئەم یارییە دەبێت هەموو توانا و هێزمان بەکاربێنین و دەبێت وەکو یەک تیپ کار بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین رکابەرەکەمان براوە بین، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، گرنگترین شت ئەوەیە کە شایستەی بردنەوە بین. ئەم یارییە هەمیشە یەکێک لە گرنگترین یارییەکان بووە، دەبێت زۆر بە باشی ئامادەکاری بۆ بکەین''.

لە پێنج یاری رابردووی نێوان یوڤێنتوس و ئینتەر میلان لە دێربی ئیتاڵیا، خانمە پیرەکە خاوەنی دوو بردنەوەیە، لە بەرامبەردا نێرازۆریش بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە، بەڵام یوڤی لەوەتەی ساڵی رابردوو، نەیتوانی لە جام و خوڵ لە ئینتەر بباتەوە.