عەزیز ئەحمەد: سزادانی بانکە عێراقییەکان، بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من ناگرێتەوە

مامەڵەی دۆلار لە ژمارەیەک بانکی عێراقی قەدەغە کرا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: سزادانی ئەم بانکانە، بانکەکانی بەشدار لە پڕۆژەی هەژماری من ناگرێتەوە.
یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەیەک بانکی عێراقی سزادراون و ناتوانن مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە بکەن، ئەو کەسانەی هەژماریان لەو بانکانە هەیە ناتوانن کارتەکانیان لەدەرەوەی وڵات بەکاربهێنن.
عەزیز ئەحمەد، باسی لەوەشکردووە، ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری منی حکوومەتی هەریمی کوردستان بەشدارن نایانگرێتەوە و لە هەفتەکانی داهاتوودا، دوو بانکی نێودەوڵەتیی دێنە ڕیزی هەشت بانکەکەی هەژماری من.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، بانکی ناوەندی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسیان لە هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە لە بارەی چاکسازییەکانی بواری کەرتی بانکی.
پێنج بانكە سزادراوەکە بریتین: لە بانكی ئیسلامی مەشریق ئەلعەرەبی، بانكی ئەلموتەحید بۆ وەبەرهێنان، بانكی ئیسلامی ئەلسەنەم، بانكی ئیسلامی میسك و بانكی ئیسلامی ئەمین ئەلعراق.
بێبەشكردنی ئەو بانك و كۆمپانیایانە لە مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە چوارچێوەی هەوڵەكاندایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و بە قاچاغبردنی دۆلار و پێشێلكارییەكانی دیكەی كەرتی بانكی لە عێراق.
ساڵی ڕابردوو مامەڵەی دۆلاری ئەمریکی لە هەشت بانکی عێراقی قەدەغە کرا.