عێراق لە پلەی یەکەمی لیستی هاوردەکردنی گوڵ لە تورکیا دێت

ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی ڕووەکی ڕازاندنەوە لە تورکیا ڕایگەیاند، عێراق لە پێشەنگی لیستی ئەو وڵاتانەیە کە گوڵی ڕازاندەوە لە تورکیاوە هاوردە دەکەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، سەڤاش ئاکجان ڕایگەیاند "لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 523 ملیۆن و 26 هەزار و 808 گوڵی ڕازاندنەوەیان لەسەر ڕووبەری 270 هێکتار زەوی بەرهەم هێناوە."

ئاکجان ئاماژەی بەوەش دا " لەم ماوەیەدا تورکیا 2 ملیۆن و 921 هەزار دۆلار داهاتی لە هەناردەکردنی گوڵی ڕازاندنەوە بەدەست هێناوە."

گوتیشی:  بەهای هەناردە و فرۆشتنی گوڵی تورکیا لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە بەهای 441 هەزار و 741 دۆلار، زۆربەی هەناردەکردنەکانیش، بەپلەی یەکەم بۆ عێراق بووە بە بەهای 148 هەزار و 732 دۆلار، دواتر تورکمانستان لە پلەی دووەمدایە بە بەهای 137 هەزار و 424 دۆلار."

تورکیا، بەبۆنەی ڕۆژی ڤالانتاین کە 14ـی 2 بوو،  75 ملیۆن گوڵی ڕازاوەی هەناردەی 30 وڵات کردووە کە دیارترینیان هۆڵەندا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بوون.

بە گوتەی ئیسماعیل یەڵماز، سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی ڕووەک و بەرهەمی ڕازاندنەوەی تورکیا، لە ساڵی 2025 ئەم کەرتە بە سەرەتایەکی باش دەستی پێ کردووە.