شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر؛ سبەینێ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکرێت

شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەینێ لە ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، بە مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیاری حکوومەتی هەرێم، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە پێکهاتبوون لە بریکاری وەزارەتی نەوت، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابووری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی، بەڕێوەبەری گشتیی بەبازاڕکردنی نەوت، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گرێبەستە نەوتییەکان، بەڕێوەبەری نووسینگەی بریکار بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و جێگری بەڕێوەبەری کاروباری پەیوەندییەکان سەردانی هەولێریان کرد.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بڕیار وایە سبەینێ سێشەممە، لە ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، دەڵێت: ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بەم پرسەو تێیدا ڕێکار میکانیزمەکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.