عەبدوڵڵا وەیسی: بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، لە پاڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەوەستینەوە بۆ هەر بڕیارێک.
دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئایینی پیرۆزی ئیسلام، هەمیشە جەخت لە ئاشتی و تەبایی دەکاتەوە، دژی ستەم و هەمووجۆرە گرژییەکە.
سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی گوندی شەناغە، سەرۆکی یەکێتیی زانایان گوتی: بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، پێویستە جووتیارانی کورد لەو سنوورە یەکڕیز و تەبا بن لە پاراستنی خاک و ماڵ و موڵکیان، لەگەڵ ئەمەش پێویستە خۆڕاگر بن و دووربکەونەوە لە هەموو ڕەفتاڕێک کە سەربکێشێت بۆ ئاژاوە.
د. عەبدوڵڵا وەیسی، باسی لەوەش کرد، وەکو یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە پاڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەوەستینەوە بۆ هەر بڕیارێک.