غەفوور مەخموورى: ڕەفتارى سوپاى عێراق هەمان ڕەفتارى سوپاى ڕژێمى ڕووخاوى بەعسە

غەفوور مەخموورى، سکرتیرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان، بەتوندى هێرش و ڕەفتارەکانى سوپاى داگیرکەرى عێراقى بۆ سەر جووتیارانى سەرگەڕان و شەناغە و چەند ناوچەیەکى پارێزگاى کەرکووکی ئیدانە کرد.

هەروەها ڕەفتارەکانى سوپاى ئێستاى عێراقى بە ڕەفتارەکانى سوپاى بەعسى ڕووخاو چواندووە و دەڵێت: ئەم ڕەفتارەى سوپاى داگیرکەرى عێراق هەمان ڕەفتارى سوپاى ڕژێمى ڕووخاوى بەعسە.

مەخموورى. لە پەیامەکەیدا داواى یەکڕیزى و یەکدەنگىی لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى سیاسەت و ڕەفتارە نابەجێکانى حکوومەت و سوپاى عێراق.

دەقى پەیامەکەی غەفوور مەخموورى

بۆ ڕاى گشتى

     - گەلى خۆڕاگرى کوردستان .

  - هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان.

 ئەو ڕاستییە بەبیر هەموو لایەک دێنینەوە، کە ئەزموونى زیاتر لە سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراقدا ؛ ئەزموونێکى تاڵە، لەماوەى سەد ساڵى ڕابردوودا تەواوى دەسەڵاتەکانى عێراق دژى کورد بوون و هەوڵى لەناوبردنى کوردستانیان داوە بەخاک و خەڵکەوە، دەسەڵات و شەقامى عەرەبى عێراق هاوڕا و هاوکار بوون لەو دژایەتییەدا (جگە لە چەند کەساتییەک نەبێ)، تەواوى دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەرامبەر کورددا یەک لە یەکتر خراپتر بوون، دەسەڵاتى ئێستاش لە هەموویان خراپترو زاڵمتر.

  بەداخەوە سوپاى داگیرکەرى عێراق جارێکى دیکە دژایەتىی خۆیان بەرامبەر گەلى کوردستان نوێ کردەوە و  ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى 17 / 2 / 2025 ، هێرشیان کردە سەر جوتیارانى سەرگەڕان و شەناغە، ئەم ڕەفتارەى سوپاى داگیرکەرى عێراق هەمان ڕەفتارى سوپاى ڕژێمى ڕووخاوى بەعسە، درێژەپێدانى هەمان سیاسەتى بەعەرەبکردن و ئەنفالکردنى کوردستانە، ئەم ڕەفتارەى سوپاى داگیرگەرى عێراق ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا دەسەڵاتدارانى عێراق وەک هەمیشە دژە کوردن و یەک لە یەک زاڵمترن بۆ گەلى کوردستان. لە مێژووى بەشەرییەتدا لە دەسەڵاتدارانى عێراق زاڵمتر و بێنمەتتر نەبووەو نییە.  ئێمە لە یەکێتىی نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK دژى ئەو ڕەفتارە و گشت ڕەفتارەکانى سوپاى داگیرکەرى عێراق دژ بە گەلى کوردستان دەوەستینەوە و زۆر بەتوندى ئیدانە و شەرمەزاریان دەکەین و ڕەتیان دەکەینەوە، لەهەمان کاتدا پشتیوانىی تەواوى خۆمان بۆ جووتیارانى سەرگەڕان و شەناغە و سەرجەم جووتیارانى ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان رادەگەیەنین و، ئامادەین بۆ بەرگریکردن لێیان و بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر موڵکى خۆیان.

 - جەماوەرى خۆڕاگر و وڵاتپارێزى کوردستان!

 وەک لاى هەموو لایەکمان ڕوونە دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە زۆربەى هەرەزۆریان لە دژى کورد یەکهەڵوێست و یەکدەنگن، مێژووى سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراق دەیسەلمێنێت کە هیچ کات دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراق دۆستى کورد نەبوونە و دۆستى کوردیش نابن. ئیدى بەسە با فێڵ لەخۆمان نەکەین و کات بەفیڕۆ نەدەین، با لە جیاتى خەریک بوون لەگەڵ بەغدا بەیەکگرتووى بەگژ ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەى عەرەبى عێراقدا بچینەوە، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى کار بکەین، بۆ ئەمەش بێگومان ئەمڕۆ باشترە لە سبەىنێ.

 لە ڕەوشێکى وادا؛ بانگ لە سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان دەکەین کەوا بڕیارى یەکلاییکەرەوەى خۆى بدات و چیتر ئەو ناعەدالەتى و بەسووک سەیرکردنەى عێراق قبوڵ نەکات و گشت کارمەند و بەرپرسە بێدەسەڵاتەکانى کوردستان لە بەغداى عەرەبى بکێشێتەوە و بیان گەڕێنێتەوە کوردستان، لەهەمان کاتدا پێویستە بە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین ناوەندى پەرش و بڵاوى سیاسیى کوردستان رێک بخەینەوەو چەترێکى هاوبەش بۆ کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێک بهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێر ئەو چەترەدا کۆ ببینەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگىی بکەین. بێگومان هێزى ئێمە لە یەکڕیزى و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیز و یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین ناحەزان سوودیان لەو پەرش و بڵاوییە وەرگرتووە وەک ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانىی یەکدى بین و جلى تەنگى حزبایەتى فڕێ بدەین و جلى کوردایەتى لەبەرخۆ بکەین. هەروەها پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندا بچینەوەو سوود لە هەڵەکانى ڕابردوومان وەربگرین، جارێکى دیکە لێرەوە داوا دەکەین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ :

1- ڕێکختستنەوەى ناوەندى سیاسىی کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش، کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتە خۆ.

2- داهاتى کوردستان ڕێک بخەینەوە و، بۆ ئەم مەبەستە خەزێنەیەکى نیشتمانى بەناوى (سندوقى داهاتى کوردستان) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەى چیتر چاومان لە دەستى بەغدا نەبێت و، بەپێى داهاتى مانگانەى کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و پێویستییەکانى کوردستان دابین بکرێت.

3- لیژنەیەکى باڵاى دیبلۆماسى لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان پێک بهێنرێت بۆئەوەى پەیوەندى بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکات و زوڵمەکانى عێراق بەرامبەر گەلى کوردستان بگەیەنێتە هەموو لایەک، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ پەرلەمان و حکوومەتى کوردستان.

4- پێکهێنانى بۆردێک بەناوى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)، بۆئەوەى ئەنجامى ڕیفراندۆم بجوولێنێت و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا کارى بۆ بکات.