وەزیری دارایی چەند بڕیارێک بۆ زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەردەکات

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ بەپەلە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەرکرد بە پێشخستنی سیستەمی ئەلیکترۆنی.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی کرد و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی کۆڵیەوە.
وەزارەتی دارایی بڵاوی کردووەتەوە، لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیەکە، وەزیری دارایی جەختی لەسەر زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کردەوەتەوە و چەند بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە دەرکردووە، ئەوانیش، چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیەکانی لەماوەیەکی کورتدا.
لەگەڵ دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان و ڕەوانەکردنی فەرمانبەران لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین بەپێی پێویست تا کاتی تەواو بوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی گوێبیستی کێشە و داواکاریەکانی بەرپرسانی خانەنشین بوو، بڕیاریدا سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات، هاوکات داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێت و ماف و شایستەکانیان پێ بدرێت.