ئاوات شێخ جەناب: مووچەی فەرمانبەران بەبێ کێشە لەکاتی خۆی دابەش دەکرێت

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە کراوە و لیستی مووچەی هەرێمەکەش پەسەند کراوە. جەختی لەوەش کردەوە، مووچەی فەرمانبەران بەبێ کێشە لەکاتی خۆی دابەش دەکرێت.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمەکە کرد.
وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان ئەمەریکا کرایەوە.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دوایین ڕێکكەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی مووچە خستەڕوو. گوتیشی: دوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان لە هەولێر و بەغدا، دواجار لیستی مووچەی هەرێمەکە پەسەند کرا و کێشەی تەمویل چارە کرا و بڕیار درا مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم ساڵ بەبێ کێشە و مانگانە لەکاتی خۆی خەرج بکرێت.
هەروەها ئاوات شێخ جەناب، باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەی "هەژماری من" کرد و گوتی: هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بە ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق و بە ئاگاداری سەرۆک وەزیرانی عێراق قۆناغی باشی بڕیووە، لەچەند مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمەکە لە ڕێی بانکە بەشداربووەکانی ناو پرۆژەکە، دەبنە خاوەن هەژماری بانکی.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمەکەی لەسەر گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کرد و، ڕایگەیاند: گرنگە لەمەودوا هەرێمی کوردستان یاسای بوودجەی هەبێت لە پێناو شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکاندا، بە پێویستیشی زانی گرنگی زیاتر بە کەرتی بانکی بدرێت، پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی لە کابینەی نۆیەم دووپات کردەوە.