هاوپەیمانان لە پشتیوانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت:" هەوڵەکانی هاوپەیمانان بەئاڕاستەی بەرەوپێشبردن و کارکردنی زیاتر بۆ پڕۆسەی چاکسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ هام فەرماندەیی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و تیمێکی یاوەری کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو دیدارەدا، تاوتوێی کاروباری فیرقەکان و جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان کرا، هەروەها بارودۆخی هەنووکەیی هێزی پێشمەرگە و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان خرایە بەرباس، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنیان لەچوارچێوەی فیرقەکاندا.
جەنەڕاڵ هام خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپڕۆسەی چاکسازی هێزەکان و ئاماژەی بەوەدا، هەوڵەکانی هاوپەیمانان بەئاڕاستەی بەرەوپێشبردن و کارکردنی زیاتر بۆ پڕۆسەی چاکسازی بە هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە گرنگیەوە باسی پرس و پرۆسەی چاکسازی کرد لە وەزارەتی پێشمەرگە و رایگەیاند: بەردەوامین لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێکهێنانی فیرقەی زیاتر و سەرکردایەتی دەڤەر بە پاڵپشتی لۆجستی و هاوکاری و هەماهەنگی راوێژکاران و دیپلۆماتکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.