ئێران.. هەڵاوسان قەیرانی یەکەی نیشتەجێبوونی دروست کردووە

ناهاوسەنگیی نێوان داهات و پارەی کڕین، یان کرێی یەکەی نیشتەجێبوون لە ئێران بەردەوامە و پلاندانەرانی کەرتی خانووبەرە پێیان وایە بۆ چارەی ئەو کێشەیە دەبێ پێنج ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت.
وەبەرهێنەرانی کەرتی خانووبەرەش دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی قەیرانی یەکەی نیشتەجێبوون کەمیی یەکەی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکوو هەڵاوسانی زۆر و لاوازیی دارایی و کەمیی تواناییی کڕینی هاووڵاتییانە.
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی خێزانی ئێرانی لەم ساڵانەی دواییدا ناهاوسەنگیی نێوان داهات و پارەی کڕین، یان کرێی یەکەی نیشتەجێبوونە، بەشێک لە پلاندانەرانی کەرتی خانووبەرە پێیان وایە کەمبوونی پێنج ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هۆکارێکی ئەو ناهاوسەنگییەیە، بەڵام لاوازیی دارایی و کەمیی تواناییی کڕینی خێزانەکانی ئێران هۆی سەرەکیی ئەو دۆخەیە.
لە ساڵی 2011وە، ڕێژەی گەشەی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا 4% لە خوار سفرەوە بوو. لە ساڵی 2019 شەوە تا سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2024 ڕێژەی گەشەی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا 5% لە خوار سفرەوە بووە.
لە ساڵی 2014وە دروستکردنی خانووبەرە لە کەمترین ئاستی پێویست کەمتر بووە و باس لەوە دەکرێت نزیکەی 2.6 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە ئێران کەمە. وەبەرهێنەرانی کەرتی خانووبەرەش دەڵێن؛ هۆکاری سەرەکیی قەیرانی یەکەی نیشتەجێبوون کەمیی یەکەی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکوو هەڵاوسانی زۆر و ڕیسکی ئابوورییە و بە نموونە باسی ساڵی 2016 دەکەن کە 18.1ی خێزانەکان لە شارەکاندا نیشتەجێ بوون و ئەو ژمارەیە لە ١٧.٤17.1ملیۆن یەکەدا دەژیان، ئەوەش دەری دەخات لەو ساڵەدا تەنیا یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون کەم بووە، کەچی لە هەمان ساڵدا پێنج ملیۆن خانووی بەتاڵ، یان خانووی دووەم هەبووە. واتا کێشە ڕاستەقینەکە کەمیی خستنەڕوو نییە، بەڵکوو هەژارییە.
وەبەرهێنەرانی کەرتەکە دەڵێن، ئەگەر ناهاوسەنگیی ئابووری چار بکرێت، ناهاوسەنگیی یەکەی نیشتەجێبوون بەئاسانی چار دەکرێت. لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی نیشتمانیدا پێنج ملیۆن خێزان ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کەچی تەنیا یەک ملیۆن خێزان توانییان پارەی پێشەکیی یەکەکانیان بدەن.