وەزارەتی پێشمەرگە: پلانێکی تیرۆرستانی داعش پووچەڵ کرایەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شانەیەکی خەوتووی داعش لە سنووری خورماتوو پەلاماری چەند شوانێکیان دا، دەست بەجێ هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە دەستی بە جووڵە کرد و توانیان شوانەکان ڕزگار بکەن.
چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شانەیەکی خەوتووی گرووپی تیرۆرستی داعش لە سنووری گوندەکانی خورماتوو بە دیاریکراوی لە دەوروبەری گوندی دوڕاجی و غەڕرە، لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا پەلاماری چەند شوانکارێکیان دا، لەئەنجامدا ڕووبەرووبوونەوە لە نێوانیان دروست بووە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو سنوورە، دەست بەجێ هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بە هاناوەچوونی شوانەکان و خەڵکی ناوچەکە چوونە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکە و توانییان شوانەکان بە سەلامەتی بگەڕێننەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و تیرۆرستەکانیش بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتن.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پێشمەرگەی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە هەمیشە چاوکراوەیە و بە ورە و دەستێکی پۆڵاین ڕووبەڕووی هەموو جووڵە و کردوەیەکی تیرۆرستانی داعش دەوستێتەوە.
چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لەخوارووی گوندی دوڕاجی نێوان کفری و خورماتوو، سێ شوان لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری داعش ڕووبەڕووڕووی یەکتر بوونەوە.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، سێ شوان لەنێوان گوندی غەڕرە و دوڕاجی کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی نەوجول لە نێوان کفری و خورماتوو، کاتێک ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ لەوەڕاندن، شەش چەکداری داعشیان بینیووە و شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوانیاندا ڕووی داوە.