سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ: بەغدا برنجی خراپ بۆ بەشەخۆراکی هەرێم دەنێرێت

سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: ئەو برنجەی بەغدا وەک بەشە خۆراکی مانگانە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، بەکەڵکی خواردن نایێت، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو برنجە هیج کێشەیەکی تەندروستی نییە.
چوارشەممە، 20ـی شوباتی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتییەوە ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی جۆرە بۆنێک لە برنجی بەشە خۆراکی ئەم مانگە، لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای سلێمانی، بەدواداچوونمان بۆ بابەتەکە کرد.
نەوزاد شێخ کامیل، گوتیشی: پشکنینی تایبەتمان بۆ ئەم برنجە کردووە و دەرکەوت لەڕووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، دوای لێنانیشی بۆنەکەی نامێنێ.
لەلای خۆیەوە، کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەبوونی ئەم جۆرە بۆنە، نا سروشتییە، چەند هاوڵاتییەک تاقییان کردووەتەوە دوای لێنانیشی بۆنەکەی هەر ماوە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق، برنجی خراپ وەک بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
کاسترۆ مەعروف، گوتیشی: ئەم برنجە ئۆرەگواییە و جاری یەکەم نییە، برنجی لەم شێوەیە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەدواداچوونی جیددی لەسەر ئەم پرسە بکەن.