پاڵەوانێكی كورد پلەی یەكەمی جیهانی بەدەستهێنا
لە دوایین 36 شەڕ، ئەو پاڵەوانە كوردە نەدۆڕاوە
پاڵەوانێكی كورد بە ئامادەبوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سعوودیە بووە پاڵەوانی بۆكسێنی جیهانی و لە قۆناغی كۆتایی شكستی بە "پیاوە زەبەلاحەكە"ـی جیهان هێنا.
عەگیت کابایێل بۆکسێنەرێکی کوردە بووە پاڵەوان دەبلیو بی سی، لە دوایین قۆناغی یەكلاكەرەوەی پاڵەوانێتییەكە شكستی بە ركابەرەكەی هێنا و پلەی یەكەمی لە جیهان لەسەر ئاستی ئەو كێبڕكێیە بەدەستهێنا.
عەگیت تا ئێستا بەشداریی 26 شەڕی کردووە و تامی دۆڕانی نەکردووە، بۆکسێنەرە كوردەكەی خەڵکی باکووری کوردستانە لە دوایین پاڵەوانێتی بەشداریی لە پاڵەوانێتی جیهانی WBC کرد، پاڵەوانێتییەکە لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو، لە قۆناغی شەشەم و کۆتاییدا، عەگیت لە کێشی قوڕس هەمووانی شۆک کرد و توانی ژیلی ژانگی چینی ناسراو بە (زەبەلاحە چینییەکە) تووشی شکست بکات و لە کێشی قورس بووە پاڵەوان.
عەگیت كاباییل بۆكسێنەری كورد لە ساڵی 1992 لە شاری لیڤەرکوزنی ئەڵمانیا لەدایک بووە و لەبەر ئەمەش بە نوێنەرایەتی ئەڵمانیا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکان دەکات، خێزانەکەی لە ناوچەی پازارچیک لە مەرەشی باکووری کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا کۆچیان کردووە. عەگیت لە ساڵی 2011 دەستی بە یاریکردن کردووە و چەندین نازناوی بەدەستهێناوە و یەکێکە لە بۆکسێنەرە دیارەکانی ئەوروپا.