لە هەولێر، نرخی مەڕ و ماڵات جێگیرە

لەگەڵ ئەوەی شەپۆلێکی بەفر و باران، بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و لە عێراقیش نەخۆشیی تەبەق بەربڵاوە، بەڵام نرخی مەڕ و ماڵات بەجێگیری ماوەتەوە و گۆڕانێکی ئەوتۆ لە نرخەکان ڕووی نەداوە.
سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، محیەدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، بەماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەگشتیی ئەمساڵ بازاڕی مەڕ و ماڵات جێگیرە، نرخی ئاژەڵان نەگۆڕاوە، کڕین و فرۆشتیش وەک خۆیەتی.
محیەدین خەیلانی گوتیشی: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخی مەڕ و ماڵات نزیکەی دووسەد هەزار دینار دابەزیوە، لەوانە مەڕەزاو لەگەڵ بەرخ، بەیەکەوە نرخی لە 700 هەزارەوە تا ملیۆنێک دینارە، بزنەزاو و کارەکەی بەیەکەوە 700هەزار دینارە. ئاژەڵی دیکە کە بە کیلۆ دەفرۆشرێن؛ بەرخی یەک ساڵە کیلۆی هەشت هەزار و 500دینارە، گوێرەکە کیلۆی حەفت هەزار دینارە.
لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر چەندین جۆری مەڕی لێیە، بەڵام زۆرینەیان مەڕی عەرەبییە، چونکە وەک ئاژەڵداران باسی دەکەن بەخێوکردنی ئاسانترە.
لە چەندین وڵاتەوە ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەتایبەتی لە، سووریا، ئێران، تورکیا، لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپایی.
ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان خواستی هاووڵاتییان لەسەر گۆشتی ئاژەڵان زیاتر دەبێت.