دوای سێ ڕۆژ لە داخرانی، ئەمڕۆ مەرزی کێلێ کرایەوە

ڕێگای مەرزی کێلێ
ڕێگای مەرزی کێلێ

دوای سێ ڕۆژ لە داخستنی بەهۆی بەفربارین، هاتوچۆ لە مەرزی کێلێ کرایەوە و لە مەرزی حاجی ئۆمەرانیش، جموجوڵی بازرگانی ئاساییە و بەردەوامە.

سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، بەکر بایز، قایمقامی پشدەر،  بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، ماوەی سێ ڕۆژ بوو هاتوچۆ و بازرگانی لە مەرزی کێلێ ڕاگیرا بوو.

بەکر بایز، گوتیشی: لەدیوی سنووری هەرێمی کوردستان ئێستە ڕێگاکە کراوەتەوە، بەڵام لە دیوی ئێران تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە و تیمەکان خەریکی ڕاماڵینی بەفرن.

لەلای خۆیەوە، سیروان محەمەد، گوتەبێژی مەرزی حاجی ئۆمەران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ ئەوەی بەفرێکی زۆر باریوە لە حاجی ئۆمەران، بەڵام ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبووە، ئالۆگۆڕی بازرگانی لەم دەروازەیە ئاسایە و بەردەوامە.

بەهۆی شەپۆلی بەفر بارینەوە، لە چەندین شوێن ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە، هەر دوێنێ دووشەممە، دوو پاسەوانی سنوور، کە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو، لەلایان تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕزگار کران. 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment