محەممەد شوکری: کارکردن لە پرۆژەی دەشتی بەهەشت دەست پێ دەکاتەوە
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پرۆژەیەکی گەشتیاریی لە هەردوو هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی: کارکردنی لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەشتی بەهەشت بەم زووانە دەست پێ دەکاتەوە.
26ـی شوباتی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە هەوڵی سەرۆکی حکوومەت، هەرێمی کوردستان چەندین کۆڕبەندی هاوبەشی ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو هەبووە.
دەشڵێت: وەبەرهێنەران لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیی جیاواز، وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا "پشکی وەبەرهێنانی بیانی لە زەمینەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان 17%یـە." گوتیشی: بەشێک لە وەبەرهێنەرانی بیانی بە ڕێژەی 100% و بەشێکی دیکەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ناوخۆ وەبەرهێنانی هاوبەش دەکەن.
لەبارەی پرۆژەی گەشتیاریی لە هەردوو هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ، محەممەد شوکری، گوتی: لەو ناوچەیە پرۆژەیەکی گەشتیاری دروست دەکرێت کە سیمای ناوچەکە بە تەواوی دەگۆڕێت.
باسی لەوەش کرد، هەر وەک سەرۆک وەزیران ئاماژەی پێ دا، هاوینەهەوارەکانی گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ، دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی و لە مانگی چوار یان پێنج، کارکردن لەو پرۆژە گەشتیارییە دەست پێدەکات و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
لەبارەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەشتی بەهەشت لە هەولێر، محەممەد شوکری، دەڵێت: سەرۆک وەزیران چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، بڕیاری دا کە کارکردن لە پرۆژەی دەشتی بەهەشت دەست پێ بکاتەوە، پرۆژەکە دەدرێتە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و بە زووترین کاتیش دەست پێ دەکاتەوە.