حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری سەرجەم ئەو کۆمپانیانە دەکاتەوە کە دەیانەوێت کەلوپەلی حاجیان بگوازنەوە، لە ئێستاوە دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ گرێبەستکردن.
پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت:" لە ئێستاوە سەرجەم کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئۆتومبیلەکانی نەفەر هەڵگر(پاس) و بارهەڵگر، لە هەرێمی کوردستان، دەتوانن سەردانی بەشی یاسایی بەڕێوەبەراتییەکەمان بکەن، بۆ گرێبەستکردن بەپێی ڕێنمایی ژمارەی (2) ساڵی 2016".
کاروان ستوونی، گوتیشی: دوو جۆر گرێبەست دەکرێت، جۆرێکیان بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی حاجیانە لە سعوودیەوە بۆ هەرێمی کوردستان جۆرەکەی دیکە، گواستنەوەی حاجیانە بە پاس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: دوا مۆڵەت بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان، 17ـی ئاداری 2025، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەچوارچێوەی بایەخپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ هاوڵاتییانی و کارئاسانییان.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ، پێنج هەزار و 120کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
ساڵی ڕابردوو (2024)، لە هەرێمی کوردستان، چوار هەزار 685 هاووڵاتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ناویان گەڕایەوە و بە ڕێگاکانی ئاسمانی و وشکانی بەرەو سعوودیە کەوتنەڕی، یەکەم کاروانیش لە 27ـی ئایاری 2024 بەڕێ کەوت، هەروەها دوای بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج 22ــی حوزیرەانی 2024، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەستیان کرد بە گەڕانەوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو 25حاجی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە کۆچی دواییان کرد، کە 24یان لەڕێگای ڤیزای ساڵەوە گەشتیان کردبوو.