هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزی کێلێ دەستی پێ کردەوە

دوای هەفتەیەک لە وەستانی هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزی کێلێ، ئەمڕۆ مەرزەکە کرایەوە و بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕۆژانە 150تاوەکوو 250 بارهەڵگر دێنە هەرێمی کوردستان.
پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، عباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ بەفەرمیی هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەی کێلێ دەستی پێ کرد و ئێستا بارهەڵگرەکان لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
عباس عەزیز، گوتیشی: ڕۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر لە ئێرانەوە بە مەرزی کێلێدا دێنە هەرێمی کوردستان، کە 60٪ی بارەکانیان کەلوپەلی بیناسازییە و ئەوەی دیکە خواردنە.
بەهۆی شەپۆلی بەفربارین لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ، بۆ ماوەی هەفتەیەک هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزی کێلێ وەستابوو.
مەرزی کێلێ، دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و لە دیوی ئێرانەوە کەوتۆتە سنووری شاری سەردەشت.