سعوودیە و سوننەی عێراق سبەینێیان کردە ڕەمەزان و ئێرانیش یەکشەممە

دادگای باڵای سعوودیە و وەقفی سوننەی عێراق سبەینێ شەممەیان کردە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ بینینی مانگ ئەستەمە، هەربۆیە ئەگەر هەیە یەکشەممە بکەنە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان.

لە ناوەندی چاودێری سدێر و تمێر لە سعوودیە سەرەڕای خراپی دۆخی کەشوهەوا، بەڵام لیژنەکانی بینینی مانگ لە ڕێگەی تەلیسکۆپەوە پشڕاستیان کردووەته‌وه‌ کە توانیویانە مانگ ببینن، هەر بەهۆی نالەباری دۆخی کەشوهەوا و نەبینینی مانگ بە چاوی ئاسایی، بڕیاری ڕاگەیاندنی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانیان گەڕاندەوە بۆ دادگای باڵای سعوودیە، دواجار دادگا بڕیاری دا سبەینێ شەممە 1ـی ئادار یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە.

هەر لە دوای سعوودیە، دیوانی وەقفی سوننەی عێراق بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سبەینێ شەممەی بە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان ڕاگەیاند، بە پێچەوانەشەوە نووسینگەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعە ڕایگەیاند، کە ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە.

هەروەها ئەندامێکی دەستەی بینینی مانگ کە نووسینگەی ڕێبەری ئینقلابی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەری بینینی مانگی ڕەمەزان لە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینیدا ئەستەمە، هەر بۆیە پێشبینی دەکەن سبەینێ شەممە تەواوکاری مانگی شەعبان بێت و ڕۆژی یەکشەممە لە کۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان.

 
Fly Erbil Advertisment