وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی دیاریی کرد

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پشتبەست بە بەڵگە شەرعییەکان، لێژنەی باڵای بینینی مانگ ڕایدەگەیەنێت؛ کە سبەینێ شەممە 1ـی ئاداری 2025 یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە.

هەینی 28ـی شوباتی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئەمڕۆ لێژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتمان، بە هەمانگی لەگەڵ لێژنە لاوەکییەکان، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ دیارییکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز کۆبووەوە.

وەزیری ئەوقاف، ئاماژەی بەوە کرد، دوای پرۆسەیەکی وردی چاودێریکردن، دەرکەوت مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینراوە، بۆیە لێژنەی باڵای بینینی مانگ بە پشتبەست بە بەڵگە شەرعییەکان، ڕایدەگەیەنێت؛ کە سبەینێ شەممە 1ـی ئاداری 2025 یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە.

هاوکات دەڵێت: "بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، پیرۆزباییەکی گەرم لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و تەواویی جیهان دەکەم، لە خودای گەورە ئەم مانگە ببێتە مایەی خۆشبەختی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان."

دادگای باڵای سعوودیە و وەقفی سوننەی عێراق سبەینێ شەممەیان کردە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ بینینی مانگ ئەستەمە، هەربۆیە ئەگەر هەیە یەکشەممە بکەنە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان، هەروەها نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقیش، یەکشەممەی وەک یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریی کرد.

 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment