هەولێر.. ئەم شەو کارەبای چوار گەڕەکی دیکە دەبێتە 24 کاتژمێری

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: ئەم شەو پرۆژەی ڕووناکی لە چوار گەڕەکەی دیکەی هەولێر جێبەجێ دەکرێن و کارەباکانیان دەبێتە 24 کاتژمێری.
هەینی 28ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەم شەو کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری، بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر دابین دەکرێت، کە بریتین لە گەڕەکەکانی (نیشتمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین) کە نزیکەی 14 هەزار هاوبەشی لەخۆگرتووە.
وەزارەتەکە رایگەیاند: پێشتر 13 گەڕەک بە 51 هەزار هاوبەش سوومەند ببوون لەو پرۆژەیە کە بریتین لە (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی)، بەم شێوەیەش بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 17 گەڕەک و 65 هەزار هاوبەش و نزیکەی 250 هەزار هاووڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.
ئاماژەی بەوە دا، هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکانی پرۆژەکە لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیان پێکردووە و، بەم زووانەش چەند گەڕەکێک لەم پارێزگایانەشدا کارەباکانیان دەکرێن بە 24 کاتژمێری.
بە پێی زانیارییەکان، بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە، تا ئێستا 350 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی: پاکتربوونی ژینگە، ژاوەژاوی کەمتر، یەک پسوولەیی و کارەبایەکی تەواو (فول ڤۆڵت و نەبوونی سنوور لەسەر ئەمپێڕ).
لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست كراوە بەجێبەجێكردنی پرۆژەكە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەن كارەبای 24 کاتژمێری.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.