نووسەرێکی کورد چیرۆکی خۆی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە، لە زیندان خۆم فێری نووسین و خوێندن کرد
"پێم باشە بەر لەوەی بمرم شتێک بزانم، نەوەک بە نەخوێندەواری بمرم"

عومەر مەولودی لە چاوپیکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 باس لە ئەزموونی ژیانی خۆی لە زیندانی ئێران دەکات و دەڵێت: تەمەنی 30 ساڵیدا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانم لە پێناو کوردایەتیدا لە ئێران دەستگیر کرام و سزای مەرگم بەسەردا سەپێندرابوو.
عومەر مەولودی تەمەن 75 ساڵ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری بۆکان لە دایک بووە، کاتێک لە زیندان بوو، نەیدەتوانی بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەر سەپێندرابوو بێ هیوا نەبوو، بەڵکو لە زیندانەکانی ئێران هەوڵیدا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە بکات.
ئەو نووسەرە ژیانی زیندان و سزای لەسێدارەدانی کردە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی ژیانی ئەدەبی خۆی، کە ئێستا ڕۆمانەکانی ئیلهام بە نەوەکان داهاتوو دەبەخشیت.
عومەر مەولودی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کە لە زیندانبووم، زیندانەکانی دیکە بە سەرسوڕمانییەوە دەیان پرسی بۆ هەوڵ دەدەیت فێری خوێندەواری بیت، لە کاتێکدا سزای لە سێدارەدانت بەسەر سەپێنراوە.
گوتی: بەوشێوەیە وەڵامم دەدایەوە "پێم باشە بەر لەوەی بمرم شتێک بزانم، نەوەک بە نەخوێندەواری بمرم."
عومەر مەولودی ئاماژەشی دا، لە زیندانەکانی ئێران، گۆڤاری سروەی کردبووە مامۆستا و رێنیشاندەری خۆی؛ لە ڕێگەی ئەو گۆڤارەوە خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە.
لە دووری هەموو پێشبینییەکان، ئەو کەسەی کە نەیدەتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێت، ڕۆمانێکی بە ناوی "هەزار ئەشکەوت" لە زیندانەکانی ئێران نووسی کە باس لە چیرۆکی خۆشەویستی و گێژاوی سیاسی لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
هەروەها نووسەری ڕۆمانەکە دەڵێت: بەهۆی ئەوەی بە هەستێکی قووڵەوە ڕۆمانەکە نووسراوە، هەر کەسێک خوێندبێتیەوە گریاوە.
لە کۆتاییدا، عومەر مەولودی لە زیندان ئازاد کرا و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ نەکرا، دوای ئازادبوونیشی هەموو ژیانی خۆی بۆ نووسین و ئەدەبی کوردی تەرخان کرد.
هاوکات عومەر مەولودی، دەیان ڕۆمان و کورتە چیرۆکی دیکەی نووسیوە؛ زۆربەی بەرهەمەکانی لە ڕووداو و کەسایەتییە مێژووییە ڕاستەقینەکانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە، بوونەتە پردێک لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا، بۆ ئەوەی چیرۆکە کوردییەکان بگێردڕێنەوە و یادیان بکرێتەوە.
هەروەها جگە لە نووسینی ڕۆمان و کورتە چیرۆک، عومەر مەولودی پەرتووکی لە فارسییەوە وەرگێراوە بۆ سەر زمانی کوردی. ئەو نووسەرە پێی وایە، ڕۆمان یەکێکە لەو هۆکارە بەهێزانە کە پارێزگاری لە ناسنامەی کورد دەکات و وادەکات خەڵکیکی زۆر ئاشنای کولتوور بکەیت.
عومەر مەولودی تەمەن 75 ساڵ، ئێستا زیاترە لە نووسەرێک، بەڵکو بووەتە هێمایەک بۆ تێکۆشان بۆ فێربوون و زانیاری، ژیانیشی لە کەسێکی نەخوێندەوار لە زیندانەکانی ئێران بۆ نووسەری ڕۆمان گۆڕدرا.