لە دێرەزوور بەهۆی تەقینەوەیەک سێ کەس کوژران

دێرەزوور
دێرەزوور

بەهۆی تەقینەوەیەک لە دێرەزووری سووریا، سێ کەس کوژران و 20 کەسی دیکەش برینداربوون، تا ئێستاش سەرچاوەی تەقینەوەکە نەزاندراوە.

دووشەممە 3ـی ئاداری 2025، لە شاری بوکەمال، دەوروبەری دێرەوزوور ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە کە بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون و تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە،  تاکوو ئێستە سەرچاوەی هێرشەکە نەزاندراوە چ لایەنێک ئەنجامیداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24ـ، دوای تەقینەوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بریندارانیان گواستەوەتەوە و ئەو ئاگرەیان کۆنتڕۆڵکردووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەکە کەوتووەتەوە.

ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەی لە سووریا هاتوونەتە پێش، دوای گۆڕانکارییەکانی  وڵاتەکە بوو کە ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا و ناچەکەش، پێیان وابوو دەرفەتێک بۆ داعش دێتە پێشەوە خۆی لە سووریا ڕێک بخاتەوە و دەست بە چالاکی و جموجۆڵەکانی بکات، بەتایبەتیش لە سووریا و عێراق، بۆیە عێراق لە ترسی ئەو هەڕەشە ئەمنییانە، دیوارێکی کۆنکرێتی بەدرێژی 300 کیلۆمەتر لەنێوان ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ سووریا لە باکووری ڕووباری فورات دروستدەکات، مەبەست لێی ڕێگریی کردنە لە هاتنە ناوەوەی تیرۆریستان و قاچاخچێتی لەو سنوورانە.