بە ئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی بریکارەکان دەستی پێکرد
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، ڕایگەیاند: مامەڵەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی ئارد و خۆراک لە سەرتاسەری پارێزگای هەولێر دەستی پێکردووە و دوو هەزار 297 بریکار هەن.
دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چەند ڕۆژێکە مامەڵەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی ئارد و خۆراک لە سەرتاسەری پارێزگای هەولێر دەستی پێکردووە و نزیکەی مانگێکی پێویستە تا دۆسیەی سەرجەم بریکارەکان تەواوبکرێن.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، گوتیشی: لە قۆناغی یەکەم دا، کارتی بریکارەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی، دواتر مامەڵەی هاووڵاتییان دەستپێدەکات، بەڵام کاتێکی زۆری پێویستە، چونکە هەر پرۆسەیەکی نوێ کاتێکی زۆر و شارەزایی پێویستە بەتایبەتی بۆ هاووڵاتییان.
سیامەند قادر، ئەوەشی خستەڕوو، بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات، بۆ جێبەجێ کردنی مامەڵەکانییان.
بەگوێرەی ئەو داتایەی بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی دا، لەسەرتاسەری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار 297 بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراکی مانگانە، ساڵێک زیاترە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، سەرەتا بڕیاربوو لە هەرێمی کوردستان تەنیا پارێزگای هەولێر بگرێتەوە، بەڵام ئێستا سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەگرێتەوە.