لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دیناریش نرخی کاڵا هەر بە بەرزی ماوەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دینار و دابەزینی بەهای دۆلار، هێشتا نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکان بە بەرزی ماونەتەوە، هەندێک لە بازرگانان دەڵێن: ئەوانەی نرخی کاڵاکانیان بە بەرزی ماوەتەوە ئەوانەن کە، مامەڵەیان لەگەڵ حکوومەت و بانکە فەرمییەکان نییە.

نزیکەی ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر تۆمارکردنی بەرزبوونەوەی بەهای پێوانەیی دۆلار بەجۆرێک، هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر بە نزیکەی 180 هەزار دیناری عێراقی بوو، لەگەڵ ئەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی کاڵا و شتومەکیش لە بازاڕەکان زۆر بەرزبوویەوە، تاکوو ئێستاش نرخەکان لە بازاڕەکان هەر بەرزن و دانەبەزیوون سەرەڕای دابەزینی بەهای دۆلار، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە، بازرگانانی بازاڕیش دەڵێن: ئەوانەی بە نرخی بەرز شتو مەک و کەلوپەل دەفرۆشن، ئەو کەسانەن کە سەر بە کۆمپانیاکان نین و هەر نرخێکیان بووی دایدەنێن و بەو نرخە کاڵاکانیان دەفرۆشن.

ئەحمەد هەمزە هاووڵاتییە و دەڵێت: ناچمە ئەو شوێنانەی نرخی کاڵاکانیان بەرزە، کاڵا هەیە بە چوار دۆلار و 5 دۆلار لە چین دەیکڕن، دەیهێنن بە هەوەسی خۆیان نرخی لەسەر دادەنێن، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ویژدانی خۆیان، بەڵام بە ڕای من ویژدان نەماوە.

عەبدولڕەحمان هەڵگورد هاووڵاتییەکی دیکەیەو دەڵێت: ئەوانەی نرخی کاڵاکانیان بە بەرزی هێشتووەتەوە، بۆیان گونجاوە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت.

لە عێراق چەندین ڕێکار بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانی بازاڕ گیراونەتە بەر، یەکێک لە ڕێکارەکانیش ئەوەیە، دۆلار  بە نرخی بانکی ناوەندی دەدرێت بەو بازرگانانەی کە خۆیان بە فەرمی لە بانکەکان تۆمارکردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی هێشتا نرخی کەلوپەلەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەر بەرز دەبێتەوە.

کەمال محیەدین، بازرگانی کەلوپەل گوتی: هەر بازرگانێک و کۆمپانیایەک مامەڵە لەگەڵ بانک و حکوومەت نەکات، هەر کەلوپەلێک بێنێت، دۆلار بە 132 هەزار دینار وەرناگرێت، بۆیە ناچارە دۆلارەکە لە بازاڕ بە گرانتر بکڕێت، کە دۆلار بە گرانتر دەکڕێت و کەلوپەل بە گرانتر لەسەری دەوەستێت، بۆیە ناچارە کەلوپەلەکانی بەگران بفرۆشێت و کۆنتڕۆڵی نرخەکەی پێناکرێت.

لەسەر ئاستی وڵاتان، هەرێمی کوردستان زۆرترین مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی تورکیایە، ساڵانە بە قەبارەی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment