زیاتر لە نیوەی کارگەکانی عێراق لەکارکەوتوون

یەک لە کارگەکانی عێراق
یەک لە کارگەکانی عێراق

لەکۆی 67 هەزار کارگە، زیاتر لە 35 هەزار کارگە لەکارکەوتوون، بەشێکیان بەهۆی شەڕو ململانێکان زیانیان پێگەیشتووەو چاکنەکراونەتەوە، بەشێکی دیکەیان بەهۆی کەمتەرخەمی لە پەرەپێدانیان لەکارکەوتوون، ئەمەش وایکردووە زیاتر لە 200 هەزار هەلی کاری ناوخۆیی لەدەست بدرێت و لەبەر نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی، ساڵانە بە قەبارەی 70 ملیار دۆلار کاڵاو پێداویستی لە دەرەوە هاوردە بکرێت. 

لەکارکەوتنی کارگەکان، زیانی 200 هەزار دەرفەتی کاری بە عێراق گەیاندووە، زیاتر لەنیوەی کارگەکانی عێراق لە کارکەوتوون،کۆی ژمارەی کارگەکان لە عێراق 67 هەزار کارگەیە، زیاتر لە 35 هەزاریان زیانیان پێگەیشتووە، واتە بەرێژەی زیاتر لە 50%ی کارگەکانی عێراق لەکارکەوتوون، ئەمەش بووەتە لەدەستدانی زیاتر لە 200 هەزار دەرفەتی کار کە کاریگەری خراپی لەسەر هەلی کاری ساڵانە دەبێت، بەوپێیەی بەگوێرەی  هەڵسەنگاندن لەسەر سەرژمێریی گشتی عێراق 2024-2025 ، ساڵانە یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس دێنە ناو توانای بازاڕی کارەوە.

لەکارکەوتنی کارگەکان تەنیا کاریگەری لەسەر رێژەی بێکاری نەبووە، بەڵکو بەگوێرەی لێدوانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 19ـی شوباتی ئەمساڵ لەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی و ئاستی هاوردەکردنی بیانی عێراق ساڵانە بە قەبارەی 70 ملیار دۆلار کاڵاو پێداویستی دەرەکی هاوردە دەکات، ئەمەش وا دەکات بڕێکی زۆر سەرمایەی ناوخۆیی بچێتە بازاڕی دەرەکی، سەرەڕای کاریگەری نەرێنی لەسەر فرەچەشنکردنی داهاتە نانەوتییەکان کە چەندین جار هۆشداری لەسەر دراوە. 

دەستەی ئاماری تورکیا رایدەگەیەنێت، تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، عێراق بە بڕی نزیکەی یەک ملیار دۆلار کاڵاو پیداویستی لەو وڵاتە هاوردە کردووە، لەتێكڕای ساڵێکیشدا عێراق بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار کاڵاو پێداویستی لە تورکیا هاوردە دەکات، کاڵاو پێداویستییەکان لە جلوبەرگ تا دەگات بە ماددە خۆراکییەکان لە خۆدەگرن