وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: گرێبەست لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک نەکراوە بۆ دانانی سیستەمی دابەشکردنی غازی ماڵان

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: هەموو ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە هەبوونی گرێبەست دەکات لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیایەک بۆ دانانی سیستەمی دابەشکردنی غازی ماڵان.

پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕایگەیاندووە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە نزیكەوە سەرقاڵی چارەسەری كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی غازە كە ماوەیەكە بەهۆی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەری زیادی بووە و بەهۆیەوە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕاشیگەیاندووە:  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە توندی ئەو هەواڵانە رەت دەکاتەوە كە كەناڵێكی راگەیاندن نابەرپرسانە و دوور لە ڕاستی باس لەوە دەكات حكوومەتی هەرێم گرێبەستێکی بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵان کردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەک نەکردووە بۆ دانانی سیستەمی دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵان. 

لە کۆتاییدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دەڵێت، بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت و لە دادگا سكاڵا دژی ئەو كەناڵە تۆمار دەكات. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment