70 کەس لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە ئەسەد کوژران

ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: 70 کەس لە لازقیەی سووریا بەهۆی شەڕ و پێکدانانەکانی لە دوێنێوە لە  نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا دەستیپێکردووە، کوژراون.

لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، جگەلە کوژرانی زیاتر لە 70 کەس، چەندینی دیکەش برینداربوون و بە دیل کەوتوونەتە دەستی هێزە ئەمنییەکانی سووریا، پێشتریش ڕوانگەکە ئاشکرای کردبوو، 48 کەس لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی شارۆچکەی جیبلە و دەورووبەری لازقییە کوژراون کە 28 یان لەو چەکدارانە بوون پشتیووانی لە بەشار ئەسەد دەکەن، 40 هاووڵاتی سڤیلیش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کوژراون، سەرباری ئەوەی 16 کەس لە هێزە ئەمنییەکان بە هێرشەکەی لایەنگرانی بەشار ئەسەد کوژراون.

بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، قەدەغەی هەموو  جووڵە و هاتوچۆیەک لە حومس و لازقییە لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕاگەیاندراوە.

هێزە ئەمنییەکانی سووریا ئەمڕۆ هەینی دەستییان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان کردووە بۆ دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانی  لایەنگرانی بەشار ئەسەد لە لازقییە و تەرتوس.