وشکەساڵییەک هەڕەشە لە تاران دەکات 57 ساڵە پێشینەی نەبووە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران هۆشداری لە وشکەساڵییەکی توند دەدات و ڕایگەیاندووە، ئەم ساڵ تاوەکوو ئێستا کەمترین ڕێژەی باران بارین تۆمارکراوە و ئەو وشکەساڵییەشی پارێزگاکەی گرتووەتەوە زیاتر لە نیو سەدەیە ڕووی نەداوە.

موحسن ئەردەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕێ تاران ئاشکرای کردووە، وشکەساڵی و کەم ئاوی بووەتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە بۆ دانیشتووانی تاران و ئاستی ئاوی هەرچوار بەنداوی ئەمیر کەبیر، لیتیان، لار و ماملۆ تەنیا %6 ـە، لە کاتێکدا ئەم چوار بەنداوە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی تارانن.

هەر بە گوتەی ئەردەکانی، بارانی ئەم ساڵ لە پارێزگای تاران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵانی ڕابردوو %45 کەمی کردووە.

گرفتی بێ ئاوی بووەتە مۆتەکە و دانیشتووانی تارانی هەراسان کردووە و بە گوتەی ڕۆژنامەنووسانی تاران و ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی تاران پەکیکەوتووە و لە زۆر ناوچەی زۆر بە کەمی ئاو بە خەڵک دەگات.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای ئاوی پارێزگای ئەلبۆرز ڕایگەیاندووە، ئاوی گلدراوەی بەنداوی کەرەج تەنیا %8 ـە، بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو %55 کەمیکردووە.

 
Fly Erbil Advertisment