سویسرا زیاتر لە 112 ملیۆن دۆلاری ئەسەدی بلۆک کرد

حکوومەتی سویسرا ڕایگەیاند: پارە و سامانی نەوەک هەر تەنها بەشار ئەسەد، بەڵکو تەواوی خزم و کەسە نزیکەکانی بلۆک کرووە.
حکوومەتی سویسرا لە بەیاننامەیەکدا، داوای گرەنتی ئەوەی کرد هیچ پارە و سامانێکی ئەسەد و کەسە نزیکەکانی لە سویسرا گواستنەوەی پێ ناکرێت، چونکە سامانەکانیان بلۆک کراون.
کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، کۆتاییان بە ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا کە ساڵانێک بە زەبر و زەنگ بۆ سەر گەلەکەی بەردەوام بوو.
سویسرا ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی 2011 سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە کە یەک لە سزاکان بلۆک کردنی پارە و سامانەکانی ئەسەد و کەسە نزیکەکانی بوو.
حکوومەتی سویسرا ئاشکرای کردووە، 99 ملیۆن فرەنکی سویسری کە دەکاتە 112 ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمەریکی، پارە و سامانی بەشار ئەسەد و کەسە نزیکەکانی و دارودەستەی حکوومەتە ڕووخاوەکەی بلۆک کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەری هەیە ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەسەدەوە بەشێوەیەکی نایاسایی بەدەستهاتبێت، دەشڵێت: ئەو سزایە تەنها ئەسەد ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو پێنج کەسەش دەگرێتەوە کە لە حکوومەتی ڕووخاوی ئەسەد بوون.
حکوومەتی سویسرا دەڵێت: هەوڵ دەدات ئەو بڕە پارەیەی ئەسەد کە بەشێوەیەکی یاسایی بلۆک کراوە، بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ خزمەتی گەلی سووریا بگەڕێنێتەوە.