وەزارەتی کارەبا: 20 هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق کەمی کردووە

کارەبا
کارەبا

وەزارەتی کارەبای فیدراڵ ئاشکرای کردووە، بەهۆی وەستانی غاز و کارەبای ئێران، 20 هەزار مێگاوات کارەبا لە تەواوی عێراق کەمی کردووە.

پەیمانگەی واشنتن بۆ توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک ڕایدەگەیەنێت: عێراق لەهەر کاتێک زیاتر، ئێستا نزیکبووەتەوە لەوەی پێویستییەکانی لەبواری وزەدا پڕ بکاتەوە، داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە پشتیوانی ئەو وڵاتە بکات بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی بدات و  پێویستییەکانی ناوخۆی لەبواری وزەدا بۆ هاوینی 2025 پڕ بکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی عێراق بە هێزی سەرەکی دەزاندرێت لە کەرتی وزەدا، بەڵام لەبواری غاز و کارەبادا ناتوانێت پێویستییەکانی ناوخۆی پڕ بکاتەوە لەبەر ئەوەیە پشت بە ئێران دەبەستێت تاکوو کەم و کوڕییەکانی لە سێکتەری کارەبا و غازدا  پڕ بکاتەوە.

ڕاپۆرتی پەیمانگەی واشنتن ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق ئامانجی ئەوەیە تا هاوینی 2025، کارەبای زیاد بەرهەمبێنێت کە ناتوانێت تەواوی پێویستییەکانی پێ پڕ بکاتەوە، دەشڵێت: هاوکارییەکانی ئێران بۆ عێراق، تەنها سەدا 40ـی کارەبای عێراقی دابین کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، ئێران بڕیاریداوە سێ بەشی کارەبا و تەواوی ئەو غازەی بۆ عێراقی دەنارد ببڕێت بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە خراپەی ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.

وەزارەتی کارەبای عێراقیش ڕایگەیاندووە، پێویستی بە 50 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ لە وەرزی هاویندا پڕ بکاتەوە، عێراق ترسی لەوەش هەیە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و وەستانی غازی ئێران بۆ عێراق، سیستەمی کارەبای عێراق بەڕێژەی سەدا 40 کەمبێتەوە کە دەکاتە نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کارەبا.