سەلاح جەلال ڕۆمانی "تابوتی پەیمانی خودا"ی چاپ و بڵاو کردەوە

ڕۆمانی نوێی نووسەر سەلاح جەلال، لە دوو توێی 280 لاپەڕەییدا لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی سلێمانی بڵاو کراوەتەوە و لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی ڕووناکبیران، لە کۆڕێکی تایبەتدا، ناساندن و خوێندنەوە بۆ ڕۆمانەکە کرا.
بەرهەمە نوێیەکەی نووسەر، لەلایەن پرۆفیسۆر دڵشاد مستەفاوە خوێندنەوەی بۆ کرا و گوتی: ڕۆمانەکە بەهونەرێکی نوێ و بە تەکنیکێکی سینەمایی نووسراوە.
سەڵاح جەلال، لە بارەی ناوەرۆکی ڕۆمانە تازەکەیدا دەڵێت: ئەم ڕۆمانە بە ڕێچکەیەکی نوێ لە شێوازی گێڕانەوە و ڕاناوە باوەکاندا ڕۆچووە و پەیوەندییەکی گەردوونییە، لە نێوان مرۆڤ و بوونەوەرەکانی سەرووی سروشت، هاوکات ئەو پنتە فیزیاییەیە، کە شرۆدینگەر و جەیمس وێب بۆی دەگەڕێن.
هەروەها نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا باس لە ئەفسانەی نوێی سەردەمی تەکنەلۆجیا و هەسارەی خۆرهەڵات و ئەو ڕووداوانە دەکات، کە لە پەیوەندییەکانی نێوان بوونەوەران، جنۆکە، شەیتان و مرۆڤ دا ڕوو دەدەن.
ڕۆمانی تابوتی پەیمانی خودا، چواردەهەمین بەرهەمی نووسەرە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، پێشتر 13 بەرهەمی چاپ کردووە، کە پێنج لە بەرهەمەکانی ڕۆمانن و حەوت لە بەرهەمەکانیشی شانۆنامە و سینایۆی شانۆیین.