عێراق غاز لە وڵاتانی کەنداو هاوردە دەکات
یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق نیازی هەیە غازی کەنداو لەبری غازی ئێرانی هاوردە بکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا لێخۆشبوونی بۆ عێراق نوێ نەکردەوە.
دوێنێ شەممە، 8ـی ئاداری 2025، ماوەی ئەو لێخۆشبوونەی کە ئەمەریکا بە عێراقی بەخشیبوو لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە کۆتایی هات، هەر بۆیەش حکوومەتی بەغدا ناتوانێت ئەو غازەی پیشتر لە ئێرانەوە هاوردەی دەکرد بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، چی دیکە هاوردە بکات.
گوتەبێژی ، لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، عەلی شەداد، بە میدیای ناوخۆی راگەیاند "کێشەی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە ئەو وێستگانەی دامەزراندووە، تەنیا پشت بە غاز دەبەستن، لە کاتێکدا وێستگەکانی بەسرە بە غاز و نەوتی خاو و نەوتی ڕەش کار دەکەن، هەر ئەمەش بووەتە هۆی سەقامگیریی سیستەمی کارەبا لە پارێزگاکەدا."
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە "سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەی بۆریی غازی بەسرە دەکات" ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوت نزیکەی سی ڕۆژ لەمەوبەر دەستی بە کارکردنی لەسەر کردووە و لەماوەی 120 ڕۆژدا بەخێرایی تەواو دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد "رێژەی تەواوبوون تا ئێستا 30%ی تێپەڕاندووە." جەختیشی کردەوە "پڕۆژەکە بەشدار دەبێت لە گواستنەوەی غازی کەنداو بە بڕی 200 ملیۆن مەتر سێجا."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتایی هاتنی ئەو لێخۆشبوونانەی پشتڕاست کردەوە کە ڕێگەی بە عێراق دەدا کارەبا لە ئێران بکڕێت، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین فشار کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران پەیڕەوی دەکات.