جۆكۆڤیچ نەیتوانی ریكۆردەكەی نادال بشكێنێت
ئالێکس دێ میناوری ئوسترالیا شكستی بە داڤید گۆفینی بەلجیکی هێنا
لە بەردەوامی ماستەرزی هەزار خاڵی ئێندیانا وێلز، نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی نەیتوانی دوو ریکۆردی رافایل نادال و رۆجێر فێدرەر تێپەڕێنێت و خۆی بە تەنیا ببێتە خاوەنی ریکۆردەکانی ماستەرزی ئێندیانا وێلز، لەبەر ئەوەی بەرامبەر بۆتیچی رکابەرە هۆڵەندییەکەی تووشی دۆران بوو و ماڵئاوایی کرد. لەلایەکی دیکەوە کارلۆس ئالکارازی ئیسپانی و خاوەنی دوو ناسناوی رابردووی پاڵەوانێتیەکە، توانی بردنەوە بەدەست بهێنێت و خۆی گەیاندە قۆناغی سێیەم.
جۆكۆڤیچ نەیتوانی ریكۆردەكەی نادال بشكێنێت
لە بەردەوامی قۆناغی دووەمی ماستەرزی هەزار خاڵی ئێندیانا وێلزی ئەمریکا، نۆڤاک جۆکۆڤیچ خاوەنی پێنج ناسناوی پاڵەوانێتیەکە، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تووشی دۆڕان بوو، دوای ئەوەی یارییەکەی بەرامبەر بوتیکی هۆڵەندی بە ئەنجامی دوو سێت بەرامبەر سێتێک دۆڕاند.
جۆکۆڤیچ بەهۆی ئەم دۆڕانە، نەیتوانی ژمارەی بردنەوەکانی لە ماستەرز لەگەڵ رافایل نادالی ئیسپانی و خاوەنی زۆرترین بردنەوەی ماستەرز یەکسان بکاتەوە، تێنسزانە سڕبیەکە لە مێژوودا 409 یاری لە ماستەرز بردووەتەوە و نادالیش خاوەنی 410 بردنەوەیە.
بێن شیلتۆنی ئەمریكی شكستی بە ماریانۆ هێنا
لە یارییەکی دیکەی قۆناغی دووەمی ماستەرزی ئێندیانا وێلز، بێن شیلتۆنی ئەمریکی، توانی بە بردنەوەی بەرامبەر ماریانۆی ئارجێنتینایی، بلیتی قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتیەکە بەدەست بهێنیت.
بێن شیلتۆن پۆڵینی یازدەیەمی پاڵەوانێتی تێنسی ماستەرزی ئێندیانا وێلز، لە قۆناغی دووەمی رووبەڕووی ماریانۆی ئارجێنتینایی بووەوە، لە کۆتاییدا بە ئاسانی توانی یارییەکە، بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش سێ و شەش دوو بوون.
شیلتۆن بەم بردنەوەیە خۆی گەیاندە قۆناغی سێیەمی ماستەرزی ئێندیانا وێلز، لەم قۆناغەش رووبەڕووی کارین خاچانۆڤی تێنسزانی رووسی دەبێتەوە.
ئالێكس بەربەرستی ئەم قۆناغەی بڕی
ئالێکس دێ میناوری ئوسترالیا بە بردنەوەی بەرامبەر داڤید گۆفینی بەلجیکی، خۆی گەیاندە قۆناغی سێیەمی ئێندیانا وێلزی ئەمریکا.
ئالێکس دێ میناور تێنسزانی ئوسترالیا لە قۆناغی دووەمی پاڵەوانێتی ماستەرزی هەزار خاڵی ئێندیانا وێلز، رووبەڕووی داڤید گۆفین تێنسزانی بەلجیکی بووەوە، لە کۆتاییدا تێنسزانی ئوسترالیەکە توانی، لە ماوەی 73 خولەک، یارییەکە بە ئەنجامی دوو سێتی بێوەڵام لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە. ئەنجامی سێتەکانیش شەش دوو و شەش دوو بوون.