یانە كوردستانییەكان گەڕێكی خەمناكیان تێپەڕ كرد
مەلەوانگەكەی یاریگەی ئەحمەد رازی بووە رێگر لە بەردەم سەركەوتنی زاخۆ
یانە كوردستانییەكان گەڕێكی بێ سەركەوتنیان تێپەڕ كرد، بەڵام یانەی زاخۆ هەر لە پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراق مایەوە، رێوان ئەمینی ئەستێرەی كوردی یانەی شورتەش باشترین یاریی ئەم وەرزەی خۆی لەم گەڕ كرد.
ئەمشەو بە یاریی نەورۆز و قوەجەوییە لەگەڵ یاریی نێوان شورتە و كەربەلا كۆتایی بە یارییەكانی گەڕی 23ـیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق هات.
یانەی نەورۆز بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا بە شەو یاریی كرد، لە كەشێكی تایبەت و ناوازە و لەبەردەم زیاتر لە 15 هەزار هاندەر میوانداریی یانەی قوەی جەوییەی كرد.
لەگەڵ دەستپێكی یارییەكە، عیسام عەبدوڵڵا یاریزانی پیشەگەری عومانی لە خولەكی 5ـی یارییەكە گۆڵی پێشكەوتنی قوە جەوییەی تۆمار كرد و یارییەكەش تا كۆتایی بەم تاكە گۆڵە تەواو بوو، بەمەش نەورۆز نۆیەمین شكستی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 30 خاڵ بۆ خانەی یازدەیەمین دابەزی. لە بەرامبەردا یانەی قوە جەوییە بە 41 خاڵ لە خانەی چوارەم جێگیر بوو.
ئەستێرە كوردەكە باشترین یاریی ئەم وەرزەی كرد
یانەی شورتە لەم گەڕە بە سەركردایەتی مایسترۆی كورد (رێوان ئەمین) سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و بە چوار گۆڵی بێوەڵام شكستی بە یانەی كەربەلا هێنا، لەو یارییەدا رێوان ئەمین لە نیوەی دووەم لە ماوەی 4 خولەك دوو گۆڵی ناوازە و مێژوویی تۆمار كرد. گۆڵەكانی دیكەش لە لایەك موهەنەد عەلی و ئەیوب بن موشراك تۆمار كران.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی كەرخ خاڵێكی بەدەستهێنا، لافاوەكەی نێو یاریگەی ئەحمەد رازی ببووە رێگر لەبەردەم سەركەوتنی زاخۆی دەلال، بەڵام یانە كوردستانییەكە لەم گەڕەش هەر لە لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق مایەوە.
لە یارییەكی دیكەیشدا، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بە گۆڵێكی بێوەڵام تووشی شكست بوو.