ریاڵ مەدرید چانسی بردنەوەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید زیاترە

دێربی مەدرید
دێربی مەدرید

ئامادەکارییەکانی ریاڵ مەدرید بۆ یاری گەڕانەوەی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆتاییان هات، یانە شاهانەکە دوای بردنەوەی لە یاری چوون بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، ئەمجارەیان لە یاری دێربی دەبێتە میوان رۆخێ بلانکۆس.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە کاتێکدا لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ میوانداری ریاڵ مەدرید دەکات، یاری رابردووی لەلالیگا دۆڕاندووە و دوو یاریزانیشی تووشی پێکان بوون، ئەوانیش بریتین لە کلێمێنت لێنگلێتی بەرگریکار و هەروەها رۆدریگۆ دی پاولی ناوەڕاستکارن. هەروەها گومان لە یاریکردنی کوکێ دەکرێت.
هەردوو یانە ئیسپانیەکە دەیەمین جارە لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، زۆرترین رووبەڕووبونەوەی پاڵەوانێتیەکە لە نێوان دوو یانەی وڵاتێک، هاوسەنگیەکە لە بەرژەوەندی ریاڵ مەدریدە و ئەوان بردنەوەی زیاتریان هەیە.ریاڵ مەدرید خاوەنی زۆرترین ناسناوی چامپیۆنزلیگ، پێنج جار لە قۆناغی دوای کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە و هەر پێنج جارەکەش توانیویەتی بردنەوە بەدەست بهێنێت و رۆخێ بلانکۆس لە پاڵەوانێتیەکە دووربخاتەوە.
لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید هەر یەکە لە دانی کارڤاخال و ئێدەر میلیتا و هەروەها دانی سیبایۆس بەهۆی پێکان یاری ناکەن، هەروەها کۆرتوا و ئانتۆنیۆ رۆدیگێر لە پێکانەکانیان رزگاریان بووە و بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبن.
ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەگەر بیەوێت ریاڵ مەدرید تێپەڕێنێت و سەرکەوێت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی، پێویستە بە جیاوازی دوو گۆڵ بەرامبەر ریاڵ مەدرید بردنەوە بەدەست بهێنێت، بە پێچەوانەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment