ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 34 ملیۆن کیلۆ چای سریلانکی هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە

لە هەرێمی کوردستان، خواستێکی زۆر لەسەر چای سریلانکی هەیە و کونسولی فەخریی ئەو وڵاتەش ئاماژە بەوە دەکات، لە 90 ٪ ئەو چاییەی هاوردەی هەرێم دەکرێت، جۆرێکی باشە.

چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، د. ئەحمەد جەلال، کونسولی فەخریی سریلانکا لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵانە بڕێکی زۆری چای سریلانکی هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، تەنیا ساڵی ڕابردوو 34ملیۆن و 200 هەزار کیلۆ چای سریلانکی هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەحمەد جەلال، گوتیشی: لە 65 ٪ ئەو بازرگانانەی چا لە سریلانکا دەهێنن، خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لێرەوە هەناردەی عێراق دەکرێت.

دەربارەی جۆری چایەکان، ئەحمەد جەلال، باسی لەوە کرد، بەگشتی چای سریلانکی زۆرباشە، ئەوەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە 90 ٪ باشە و لە 10 ٪ـی زۆرباشە.

کونسولی فەخریی سریلانکا، ئاماژەی بەوە کرد،نرخی کیلۆیەک چای زۆرباش و بەسوود و بۆندار 500 دۆلار زیاتر دەبێت.

سریلانکا، جگەلە چای، چەندان بەرهەمی دیکە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەتی بەرهەمەکانی جوانکاری.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment