دهۆك گەیشتە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوی عەرەبی

دهۆك لە یاریی كۆتایی رووبەڕووی یانەی قادسیەی كوێتی دەبێتەوە

هاندەرانی یانەی دهۆك لە نێو یاریگەكەیان لە دژی ئیتیفاقی سعوودی. 12 ئاداری 2025
هاندەرانی یانەی دهۆك لە نێو یاریگەكەیان لە دژی ئیتیفاقی سعوودی. 12 ئاداری 2025

لە یاریی پێشكۆتایی خولی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، یانەی دهۆك دووەمین سەركەوتنی لەسەریەكی لە دژی یانەی ئیتیفاقی سعوودیە تۆمار كرد و بووە یەكەمین یانە لە مێژووی عێراق دەگاتە یاریی كۆتایی خولی یانەكانی كەنداوی عەرەبی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12 ئاداری 2025، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، یانەی دهۆك لەبەردەم زیاتر لە 22 هەزار هاندەری میوانداریی یانەی ئیتیفاقی سعوودی كرد.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ لێ بدات، هەڵۆیەكانی بادینان لە خولەكی 90 بەربەستی یەكسانبوونیان شكاند و گۆڵی سەركەوتنیان تۆمار كرد، بەمەش دهۆك لە یاریی چوون و گەڕانەوە توانی بە ئەنجامی گۆڵێكی بێوەڵام یارییەكە بباتەوە و بگاتە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوی عەرەبی، دهۆك لە یاریی كۆتایی رووبەڕووی یانەی قادسیەی كوێتی دەبێتەوە.
یاریی كۆتایی جامی یانە پاڵەوانەكانی كەنداوی عەرەبی بەشێوەی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە دەچێت، یاریی چوون لە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی محەمەد حەمەدی نێودەوڵەتی كوێت بەڕێوە دەچێت، یاریی گەڕانەوەش لە رۆژی 15ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی یانەی دهۆك دەكرێت و نازناوەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەرز دەكرێتەوە.