قۆناغی دووەمی پرۆژەی گەشانەوە بەم نزیکانە دەست پێدەکات

بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕایگەیاند: قۆناغی دووەمی پرۆژەی گەشانەوە بەم نزیکانە دەست پێدەکات و، لەم قۆناغەدا پارە بۆ 100 پرۆژە تەرخان دەکرێت.

پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆژەی گەشانەوە یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی حکوومەت لە کابینەی نۆیەمدا، بە ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە خاوەن پرۆژەن.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئەو کەسانەی کە خاوەن پرۆژەن، لە پرۆژەی گەشانەوەدا سوودمەند دەبن و، دەتوانن بڕی ملیۆنێک تا 150 ملیۆن دینار قەرز لە حکوومەت بۆ پەرەپێدانی پرۆژەکانیان وەربگرن.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە قۆناغی دووەمدا پارە بۆ جێبەجێکردنی 100 پرۆژە تەرخان دەکرێت. دەشڵێت: ئەو پارەیەی کە بە خاوەن پڕۆژەکان دەدرێت، بە قەرز و بە بێ زیادەخستنە سەر لێیان وەردەگیرێتەوە.

ئارام ئەنوەر، باسی لە مەرجەکانی پێدانی قەرزی بە خاوەن پرۆژەکان کرد و گوتی: دەبێت خاوەنی پرۆژەکە دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت و پرۆژەکەی لە هەرێمەکە بێت و تەمەنیشی لە 60 ساڵ زیاتر نەبێت.

هاوکات ڕوونی کردەوە، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت قەرز وەرگرن بۆ مەبەستی دامەزراندنی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی، دەبێت لە دەستپێکدا نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێنماییەکانی وەزارەتەکە لەگەڵ پروپۆزەڵی پرۆژەکە هاوپێج بکەن.

پرۆژەی گەشانەوە، یەکێکە لە پرۆژە ئابوورییە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و تاوەکو بڕی 150 ملیۆن دیناری عێراقی قەرز بۆ بزنسی بچووک و مامناوەندی دامەزراو لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە رسوماتی کارگێڕی 2% و بەبێ داواکردنی هیچ بارمتەیەک (رەهن) لەسەر قەرزەکان.

هەروەها پێویستە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا، بزنسەکە لانیکەم 12 مانگ کاری کردبێت و شوێنی بزنسەکە لە هەرێمی کوردستان بێت و کەمتر لە 100 کارمەندی هەبێت.

هاوکات دەبێت بزنسەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حکوwمەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت و ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN) هەبێت.

رۆژی دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوwمەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گەشانەوەدا، 2.5 ملیۆن دۆلار بۆ فراوانکردنی بزنسە بچووک و مامناوەندەکان تەرخان دەکات. لەگەڵ بانکی تایبەت و رێکخراوی کارسازی ناوخۆیی بە شێوەیەکی سەربەخۆ داواکارییەکان هەڵدەسەنگێندرێن".