محەممەد شوکری: سەرجەم پڕۆژە تەواونەکراوەکان ئەمساڵ تەواو دەکرێن

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو پرۆژانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی یان هەر هۆکارێکی دیکە تەواو نەکراون، ئەم ساڵ تەواو دەکرێن.
پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە گشتی دوو پڕۆژە لە هەولێر و پڕۆژەیەک لە کۆیە و یەکی دیکە لە دهۆک تەواونەکراون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم ساڵ کارکردن لەو پرۆژانە دەست پێدەکەنەوە و تەواو دەکرێن.
سەبارەت بە قەرەباڵغی ڕێگەی هەولێر-پیرمام، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتی: ئێستا فەرمانگەیەکی تایبەت بۆ ڕێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، بۆ ئەوەی دووبارە نەخشەسازیی لە شەقامەکاندا بکرێت، دیزاینێکی تایبەت بۆ شەقامی هەولێر-پیرمام کراوە، چەندین بەرزە پردی ناوازەی تێدایە و چارەسەری ئەو قەرەباڵغیەی ئێستای شەقامەکە دەکات.
دەربارەی ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە و کوالێتی ئەو پڕۆژانەی دروست دەکرێن، کە تاچ ڕادەیەک بەرگەی بومەلەرزە دەگرن، محەممەد شوکری، جەختی لەوە کردووە، ئێستا ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، بە شێوەیەکی گشتیی بە کوالێتییەکی زۆر باش و بە ستانداردی جیهانیی دروست دەکرێن و بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت: لە هیچ پڕۆژەیەکدا جیاوازی ناکرێت لە نێوان هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان، بەڵکو ئێمە هەوڵدەدەین زۆرترین خەڵکی کەمدەرامەت لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون سوودمەندبن.