ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە زیاتر لە 3 هەزار دۆلار

بۆ یەکمجار لە مێژوودا یەک ئۆنسەی زێڕ گەیشتە زیاتر لە سێ هەزار دۆلار و سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێریش پێی وایە نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە.
هەینی، 14ـی ئاداری 2025، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ یەکمجارە لە مێژوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە سێ هەزار دۆلار و 85 سەنت، پێشی وایە ڕۆژانی داهاتوو بەهای ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 3300 دۆلار، لە کاتێکدا دوێنێ بەهای ئۆنسەیەک زێڕ لە دوو هەزار و 935 دۆلارەوە بووەتە سێ هەزار دۆلار.
هەندرێن وەرتی ،گوتیشی: مانگێک پێش ئێستا نزیک لە سێ هەزار دۆلاربوو، بەڵام نرخەکەی دابەزی، هۆکارەکانیش زۆرن، بەتایبەتی هۆکاری سیاسی و ئابووری.
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 625هەزار دینارە.
جۆشوا ماهۆنی، شرۆڤەکاری سەرەکیی بازاڕ لە سکۆپ مارکێتس بە فرانس پرێس راگەیاند: یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئۆنسە، نا دڵنیاییە لە بازاڕدا، "بازاڕ بەردەوام کێشەی لە نادڵنیایی هەیە و خولی دووەمی ترەمپ لە کۆشکی سپی نادڵنیاییەکی گەورەی لەسەر چاوەڕوانییەکانی بازرگانی، کار، هەڵئاوسان و خەرجییەکانی حکوومەت دروست کردووە".