کاساس پێش یارییەکانی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کوێت و فەڵەستین بڕیارێکی نوێ دەدات
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق نایەوێت فشار لەسەر یاریزانەکانی دروست ببێت

خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئاشکرا نەبوونی پلانی هەڵبژاردەکەی پێش یاریی بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی کوێت و فەڵەستین لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، بڕیارێکی نوێی دەرکردووە.
راهێنەرە ئیسپانیاییەکە بڕیاری داوە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بە تەواوی داخراو بن و دووربن لە چاوی کامێراکان، چونکە کاساس نایەوێت پلانەکانی ئاشکرا بن و بەهۆی راگەیاندنەکانەوە فشار لەسەر یاریزانانی هەڵبژاردەکەی دروست ببێت.
ئێوارەی رۆژی هەینی 14/03/2025 فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی بڵاوی کردەوە، کە مەشق و راهێنانەکان بۆ ماوەی 15 خولەكی سەرەتا رێگەپێدراو دەبێت تەنیا بۆ وێنەگرتن و نابێت هیچ لێدوانێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەکەیان وەربگیرێت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 16/03/2025 هەڵبژاردەی عێراق یەکەم کەمپی مەشق و راهێنان لە شاری وەرزشیی بەسرە بەشێوەیەکی داخراو بکاتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال رۆژی 20ی ئەم مانگە میوانداریی هەڵبژاردەی کوێت دەکات و رۆژی 25ی3 دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی فەڵەستین.
پێش دەستپێکردنی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال هەڵبژاردەی عێراق بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ ریزبەندی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، بە جیاوازی 3 خاڵ لە دوای کۆریای باشووری پێشەنگ دێت.